فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە فرانسوا فیۆن سەرۆک وەزیرانى پێشووى فەڕەنساو شادى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک بەرپرسى ئەو ووڵاتە پێکهاتبوون و بە سەردانێک هاتبوونە هەرێمى کوردستان بە مەبەستى هاودەنگى لەگەڵ حکومەت و گەلى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆر.
لە دیدارەکەدا کە کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و ئالان گێپخارت کونسوڵى گشتى فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەى بوون، باس لە رووداوەکانى ئەم دواییەى هەرێمى کوردستان و عێراق و دوایین پێشهات و سەرکەوتنەکانى پێشمەرگە لە بەرەکانى شەڕ دژى تیرۆرستان و بارودۆخى ئاوارەکان لە هەرێم کرا.
فەلاح مستەفا بەناوى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کرد بۆ بەخێرایی بە دەنگەوە هاتن و پاڵپشتى کردنى هەرێمى کوردستان لە جەنگى دژى تیرۆر. گووتیشى بە تایبەتى سوپاسى حکومەت و گەلى فەڕەنسا دەکەین کە لەکاتێکى هەستیاردا یەکەم ووڵاتى ئەوروپى بوو لە بڕیارى پاڵپشتى کردنى مرۆیی و سەربازى بۆ هەرێمى کوردستان، هاوکات سەردانى وەزیرى دەرەوەى ئەو ووڵاتە وەک یەکەم کاربەدەستى باڵاى ئەوروپا بەهۆى ئەو بارودۆخەوە بۆ هەرێم بەرز نرخاندو گووتى ئەو هەنگاوە کاریگەرى زۆرى لەسەر پشتیوانى کردنى گەلى کوردستان هەبووە. ئەمەش وێڕاى بەرز نرخاندنى پەیوەندى لەمێژینەى نێوان گەلى کوردستان و فەڕەنسا.
هاوکات بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە گووتى حکومەتى هەرێم پابەندە بە شەڕ دژى تیرۆرو بەردەوامیش دەبێ، بەڵام پێویستە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەنگاوى زیاترو خێراتر بهاوێژێت بۆ هاوکارى کردنى هەرێمى کوردستان لەڕووى مرۆیی و سەربازى و پێشکەش کردنى راوێژ بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم بارودۆخەى کە جیهان لەم ناوچەیەدا رووبەڕووى بووەتەوە.
هەروەها گووتى پێویستە پێگەو رۆڵ و کاریگەرى هەرێمى کوردستان لە کۆنفڕانسەکانى تایبەت بە بارودۆخى عێراق و ناوچەکە لەبەرچاوبگیرێت و دەبێ نوێنەرى تایبەتی هەرێم بەشدارى پێبکرێت. هاوکات هەوڵەکانى حکومەتى فەڕەنسا لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا بۆ پشتیوانى حکومەت و گەلى کوردستان بەگرینگیەوە باسى لێوەکراو هەروەها سوپاسى حکومەتى فەڕەنساى کرد بۆ پێشنیارى ئەنجامدانى کۆنفڕانسێکى نێودەوڵەتى دەربارەى عێراق و هیواى خواست ئەنجامەکەى ببێتە پێشکەش کردنى زیاترى هاوکارى مرۆیی و سەربازى بۆ هەرێمى کوردستان.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە گرنگى سازدانى کۆنفڕانسێکى مرۆیی نێودەوڵەتى تایبەت بە هەرێم کردو داواى پشتیوانى کردنى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ بەجینۆساید ناساندنى تاوانەکانى دژ بە کوردانى یەزیدى و مەسیحى و پێکهاتە و کەمینەکانى تر.
لاى خۆیەوە فرانسوا فیۆن سەرۆک وەزیرانى پێشووى فەڕەنسا بە بایەخەوە باسى لە تێڕوانینى ووڵاتەکەى بۆ هاوکارى و پاڵپشتى کردنى هەرێمى کوردستان دەربڕى و گووتیشى کە بڕیارى ووڵاتەکەى بۆ پاڵپشتى کردنى هەرێم لەجێى خۆیدا بووە. هاوکات رۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەى بەرز نرخاند لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرستان کە مەترسین بۆ سەر ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى.
سەرۆک وەزیرانى پێشووى فەڕەنسا جەختى کردەوە لەوەى کە ووڵاتەکەى لە هەوڵەکانى بەردەوام دەبێت بۆ خێراتر کردن و زیادکردنى هاوکاریەکان بۆ هەرێم کوردستان. هاوکات گرووپە تیرۆرستیەکانى بە دژى شارستانیەت و پێشکەوتن وەسف کردو گووتیشى ئەوانە تەنها هەڕەشەنین بۆ ئەم ناوچەیە بەڵکو هەڕەشەن بۆ سەر تێکڕاى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە بارودۆخى ئاوارەکانى سوریا و هەروەها ئاوارەکانى ناوخۆ و ژمارەیان لە هەرێمى کوردستان کرا ، هاوکات باس لە لێشاوى یەک لەدواى یەکى هاتنى ئاوارەکان بۆ هەرێم لەماوەى ئەمساڵدا کرا کە ئێستا ژمارەیان لە هەرێم گەیشتووەتە نزیکەى یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس.
هەر لەم رووەوە تیشک خرایەسەر کاریگەرییە ئابوورى و کۆمەڵایەتیەکان کە بەهۆى زۆرى ژمارەى ئاوارەکانەوە لەسەر هەرێم دروست بووە. هەروەها رۆڵى خەڵکى کوردستان لە هاوکارى کردنى ئەم ئاوارانە ستایش کرا، چونکە لەگەڵ ئەوەى کە خەڵکى کوردستان بە هۆى گەمارۆى دارایی بەغداوە دوچارى قەیران بووە بەڵام لە هەڵوێستى مرۆڤ دۆستانەى خۆى بەردەوامە. لەم رووەشەوە سەرۆک وەزیرانى پێشووى فەڕەنسا ستایشى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ لەخۆگرتن و هەوڵەکانیان بۆ هاوکارى کردنى ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارەکانى ناوخۆو ئاوارەکانى سوریا لە هەرێم.
لە لایەکى دیکەوە گفتوگۆ دەربارەى هەنگاوەکان و هەوڵەکانى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق کرا. لەم رووەشەوە ئومێدەکان بەو ئاڕاستەیە بوون کە دەرەئەنجامەکان لە بەرژەوەندى گەلانى عێراقدا بێت و سیاسەتێکى نوێى واپەیڕەو بکرێت کە هەڵەکانى رابردوو دووبارە نەبنەوە کە بوونەتە بەشێکى گرینگى ئەم قەیرانانەى ئێستا لە عێراق.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات